ڤیدیۆی نوسەر

گەڕانەوە بۆ لیستی نوسەرەکان
ژیاننامە

ژیانی سەرەتایی

لە شینجۆ، یاماگاتا لە خێزانێکدا لەدایک بوو کە خاوەنی دوکانی کاغەز بوون، تۆگاشی لە ساڵی یەکەم بۆ دووەمی خوێندنی سەرەتایی دەستی کرد بە کێشانی مانگا بە شێوەیەکی سادە. لە قوتابخانەی ئامادەیی، تۆگاشی بەشداری کرد لە یانەی هونەری جوان؛ دواتر لە زانکۆی یاماگاتا خوێندنی پەروەردەی تەواو کرد بە هیوای ئەوەی ببێتە مامۆستا.

لە کاتی زانکۆ هەندێک لە کارە مانگاکانی خۆی پێشکەش کرد بە هەفتەنامەی یەنگ جەمپ، کە لەلایەن شوەیشا بڵاوکرایەوە. لە ساڵی ١٩٨٦، لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، مانگایەکی نووسی بە ناوی بوتۆبی سترەیت (ぶっとびストレート، بوتۆبی سوترێتۆ) کە خەڵاتی تێزووکای پێبەخشرا، کە ناودارترین خەڵاتە بۆ هونەرمەندانی نوێی کۆمیک لە ژاپۆن. مانگایەکی تری تۆگاشی بە ناوی جورا نۆ میزوکی (ジュラのミヅキ) باسێکی شایانی تێبینی بوو لە یەکەمین گۆڤاری ساڵانەی هەڵبژاردنی خەڵاتی هۆپ ستێپی شوەیشا، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا بڵاوکرایەوە.

دوای ئەوەی کە وازی لە ئامانجی بوون بە مامۆستا هێنا، تۆگاشی لە ساڵی کۆتایی زانکۆدا پەیوەندی لەگەڵ سەرنووسەرێکی هەفتەنامەی شۆنێن جەمپ کرا، کە داوای لێکرد بچێت بۆ تۆکیۆ.

پیشە

یەکەمین کارەکانی تۆگاشی کە بۆ شوەیشا بڵاوکرانەوە بریتی بوون لە ئۆکامی نانتێ کۆواکونای!! (狼なんて怖くない!!، بە مانای من لە گورگ ناترسم!!)، کۆمەڵێک چیرۆکی کورتی کۆمیدی مانگا. هەفتەنامەی شۆنێن جەمپ هەندێک لە چیرۆکەکانی پێش بڵاوکردنەوەی تانکۆبۆنێک لە ساڵی ١٩٨٩ بڵاوکردەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٠، تۆگاشی تێن دێ شۆوارو کوپید (てんで性悪キューピッド، بە مانای کوپیدێکی خراپ خوو لە بەهەشت) نووسی، مانگایەکی رۆمانسی چوار بەرگی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کوڕێکی ئاسایی، مرۆڤ و کچێکی جوانی شەیتان.

لە ساڵی ١٩٩٠، تۆگاشی بە زنجیرەی داهاتووی، یویو هاکوشۆ (幽☆遊☆白書، بە مانای راپۆرتی پۆڵتەرگایست) ناوبانگی دەرکرد. لەسەر بنەمای ئارەزووەکانی لە بواری بوونەوەرە شاراوەکان و فیلمەکانی ترسناک، چیرۆکەکە باس لە کارەکتەری یوسوکێ ئورامێشی دەکات، کە دەکوژرێت و دەهێنرێتەوە ژیان وەک "لێکۆڵەرەوەی جیهانی ژێرەوە". ئەم مانگایە، کە ١٧٥ بەش و ١٩ تانکۆبۆنی لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٤ خایاند، زیاتر لە ٧٨ ملیۆن دانەی لە سەرتاسەری جیهان فرۆشت، خەڵاتی مانگای شۆگاکوکانی بۆ تۆگاشی بەدەستهێنا لە ساڵی ١٩٩٤، و گونجاندنێکی ئەنیمەی سەرکەوتووی بۆ کرا. لە ساڵی ١٩٩٥، لێڤەل ئی (レベルE) درووستکرد، مانگایەکی زانستی خەیاڵی-کۆمیدی. لە سێ بەرگ پێکهاتووە، یەکەمجار لە هەفتەنامەی شۆنێن جەمپ لە ساڵی ١٩٩٥ بڵاوکرایەوە و تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو. لێڤەل ئی لە ساڵی ٢٠١١ گونجێنرا بۆ زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی ئەنیمی.

زنجیرە مانگای داهاتووی تۆگاشی کە زۆر گرنگ بوو، ڕاو×ڕاوچی، لە ساڵی ١٩٩٨ دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد. چیرۆکەکە باس لە پاڵەوانی سەرەکی گۆن فریێکس دەکات، کوڕێکی گەنج کە بە دوای باوکیدا دەگەڕێت، ئەندامێکی لێهاتوو و بەناوبانگی کۆمەڵگا کە پێی دەوترێت "هەنتەر". ئەم مانگایەش لە رووی بازرگانیەوە زۆر باش بوو، بە شێوەیەک کە ٢٠ بەرگی یەکەم نزیکەی ٥٥ ملیۆن دانەی لە ژاپۆن فرۆشت تا مانگی ئابی ٢٠١١. تا ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢، ٨٤ ملیۆن دانەی لە سوڕدایە. لە ساڵی ٢٠٠٨، تۆگاشی لەگەڵ ئیچیرۆ ئۆدا نووسەری وەن پیس بەیەکەوە لە پلەی پێنجەمی هونەرمەندانی مانگای خۆشەویست بوون لە راپرسیەک کە لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی بازاڕگەری ئۆریکۆن دانرا.

لە ساڵی ٢٠١٧، تۆگاشی مانگایەکی دوو بەشی نووسی بە ناوی ئاکوتێن وارز (悪天ウォーズ). ئەمە لەلایەن هاچی میزونۆ وێنەی بۆ کێشرا و لە ژمارەکانی ئەیلول و تشرینی دووەمی گراند جەمپ پریمیەم بڵاوکرایەوە.

ژیانی کەسی

توگاشی هاوسەرگیری لەگەڵ ناوکۆ تاکێئوچی، داهێنەری سەیلۆر مون کردووە.ئەو دوانە لە ئاهەنگێکدا کە کازوشی هاگیوارا لە ئابی ١٩٩٧ میوانداری کردبوو، پێکەوە ئاشنا بوون. ساڵی دواتر، تاکێئوچی بۆ ماوەیەکی کورت یارمەتی توگاشی دا بۆ زیادکردنی هێڵی ڕەنگاوڕەنگ بۆ مانگای ڕاو×ڕاوچی.توگاشی و تاکێئوچی لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ هاوسەرگیرییان کرد. لە ڕێوڕەسمەکەدا چەندین هاوڕێی مانگا ئارتیست و دەنگدەرانی زنجیرەکانی سەیلۆر مون و یو یو هاکوشۆ ئامادەبوون.ئەم جووتە دوو منداڵیان هەیە و پێکەوە لەسەر کتێبێکی مندااڵن بەناوی "ئۆبۆ نوو تۆچیبۆ نوو" (おおぼーぬーとちぃぼーぬー) هاوکارییان کردووە، کە تاکێئوچی نووسیویەتی و توگاشی وێنەکانی کێشاوە.

توگاشی چێژ لە یارییە ئەلیکترۆنییەکانی شێوازی بۆردگەیم و بۆلینگ دەبینێت لەگەڵ خێزانەکەی.هەروەها حەزی لە بینینی فیلمی ترسناک دەکات،و "سەیر مەکە" و "بەرەبەیانی مردووەکان" بە باشترین فیلمەکانی دادەنێت. توگاشی دیزاینەری کاریگەرییە بینراوەکان H. R. Giger بە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر خۆی دادەنێت.توگاشی لە کاتی کارکردن لەسەر یو یو هاکوشۆ، تووشی گوشارێکی زۆر بوو، کە بووە هۆی ڕێکنەبوونی خەوتن و ئازاری سنگی.

لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١١، توگاشی و هاوڕێ مانگا ئارتیستەکانی پەیامیان لەسەر ماڵپەڕی فەرمی شۆنێن جەمپ بڵاوکردەوە بۆ پشتگیریکردنی قوربانیانی بوومەلەرزە و سونامییەکەی تۆهۆکۆی ٢٠١١.ئەو برایەکی بچووکتری هەیە بەناوی هیدیاکی توگاشی، کە ئەویش مانگا ئارتیستە. دوکانی کاغەزی توگاشی کە دایکی بەڕێوەی دەبات هێشتا لە شینجۆ، یاماگاتا کراوەیە.

لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٢، توگاشی هەژمارێکی تویتەری دروستکرد کە دواتر لەلایەن شووێیشاوە پشتڕاستکرایەوە. ئەو لە ماوەی یەک ڕۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن شوێنکەوتووی بەدەستهێنا، و لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا گەیشتە دوو ملیۆن.ئەو زۆرترین شوێنکەوتووی هەیە لە نێوان مانگا ئارتیستەکان لەسەر ئەو پلاتفۆرمە، بە زیاتر لە سێ ملیۆن شوێنکەوتوو.ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی کارەکانی لەسەر تویتەر بڵاودەکاتەوە.

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئەو لە کێشەی درێژخایەنی پشت ئازاری کێشاوە، کە بووەتە هۆی چەندین وەستانی کار بۆ ماوەی چەند ساڵێک. بەهۆی ئەم کێشانەوە، ئەو تەنها دەتوانێت بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و تەنها لە کاتی پاڵکەوتندا وێنە بکێشێت.

کارەکان

مانگا

  • سەنسێها توشیشیتا!! (١٩٨٦، دواتر لە تێن دە شۆوارو کوپید بەرگی ٤ بڵاوکرایەوە)
  • جورا نۆ میدوکی (١٩٨٧، لە هۆپ ستێپ ئەوارد سیلێکشن بەرگی ١ و دواتر لە تێن دە شۆوارو کوپید بەرگی ٤ بڵاوکرایەوە)
  • ئۆکامی نانتێ کۆواکونای!! (١٩٨٩، تانکۆبۆن لەلایەن شووێیشاوە بڵاوکرایەوە)
  • بوتتۆبی سترەیت (١٩٨٧)
  • تۆندا بێرسدەی پرێزێنت (١٩٨٧، لە ویکلی شۆنێن جەمپ بڵاوکرایەوە)
  • ئۆکڵت تانتێیدان (١٩٨٨-١٩٨٩، دوو بەش لە ویکلی شۆنێن جەمپ بڵاوکرایەوە)
  • هۆرۆر ئەینجێل (١٩٨٨، لە ویکلی شۆنێن جەمپ بڵاوکرایەوە)
  • ئۆکامی نانتێ کۆواکونای!! (١٩٨٩، لە ویکلی شۆنێن جەمپ بڵاوکرایەوە)
  • تێن دە شۆوارو کوپید (١٩٨٩-١٩٩٠، زنجیرەکراو لە ویکلی شۆنێن جەمپ)
  • یو یو هاکوشۆ (١٩٩٠-١٩٩٤، زنجیرەکراو لە ویکلی شۆنێن جەمپ)
  • لێڤڵ ئی (١٩٩٥-١٩٩٧، زنجیرەکراو لە ویکلی شۆنێن جەمپ)
  • ڕاو×ڕاوچی (١٩٩٨-ئێستا، زنجیرەکراو لە ویکلی شۆنێن جەمپ)
  • ئاکوتێن وارز (٢٠١٧، لە گراند جەمپ پرێمیەم بڵاوکرایەوە، تەنها چیرۆک، وێنەکێشراو لەلایەن هاچی میزونۆ)

بەرهەمەکانی تر

  • یۆشیرین دە پۆن! (١٩٩٤، دۆجینشی یو یو هاکوشۆ کە لە هاوینی ١٩٩٤ لە کۆمیک مارکێت دابەشکراوە)
  • بایۆهازارد ٣: سە لاست ئیسکەیپ ئۆفیشاڵ گایدبووک (١٩٩٩، لەلایەن ئاسکی بڵاوکراوەتەوە)
  • ئۆفیشاڵ ڕاو×ڕاوچی گاید (٢٠٠٤، لەلایەن شووێیشاوە بڵاوکراوەتەوە)
  • یو یو هاکوشۆ هوز هو ئەندەروۆرلد کاراکتەر بووک (٢٠٠٥، لەلایەن شووێیشاوە بڵاوکراوەتەوە)
  • یو یو هاکوشۆ ئیلەسترەیشنز (٢٠٠٥، لەلایەن شووێیشاوە بڵاوکراوەتەوە)
  • ئۆبۆ نوو تۆ چیبۆ نوو (٢٠٠٥، لەلایەن کۆدانشاوە بڵاوکراوەتەوە)
  • هێتاپپی مانگا کێنکیوجۆ ئاڕ (٢٠١١، لەلایەن شووێیشاوە بڵاوکراوەتەوە)
ستایڵ

ڕەخنەگری مانگا (جەیسۆن تۆمپسۆن) ڕایگەیاند کە "توگاشی مانگاکایەکی ئاسایی نییە؛ ئەو شتەکان بە شێوازی خۆی دەکات"، هەروەها گوتی کە یەکەم کارە کورتەکانی تێکەڵێک بوون لە کۆمیدیای قوتابخانە و "ئاماژەکانی فیلمی ترسناکی خوێناوی". لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا، توگاشی سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا بە کۆمیدیای شەڕکردنی سەروو سروشتی یو یو هاکوشۆ، یەکێک لە "لاسایی کەرەوە ئاشکراکانی" فۆرمولای دراگۆن بۆڵ کە "وەک کۆمیدیا دەست پێدەکات و پاشان، کاتێک خوێنەرەکان حەزیان لە کارەکتەرەکان دەبێت، دەیانکاتە شەڕکەر". پاشان، لە جیاتی ئەوەی زنجیرەکە تا ئەوپەڕی توانا درێژ بکاتەوە بۆ زۆرکردنی قازانجی، توگاشی بە کتوپڕی کۆتایی بە زنجیرەکە هێنا. دواتر مانگای زانستی-خەیاڵی و ترسناکی "٠٪ شەڕ و ١٠٠٪ کۆمیدیا" لێڤڵ ئی داهێنا.

شێوازی هونەری توگاشی بە هێڵی ڕەنگاوڕەنگ دەستی پێکرد بەڵام بەرەبەرە بەرەو سادەیی پەرەی سەند. هەردوو ڕیکا تاکاهاشی لە EX.org و Claude J. Pelletier of Protoculture Addicts شێوازی هونەری ڕاو×ڕاوچیان زۆر سادەتر دۆزییەوە لە یو یو هاکوشۆ و لێڤڵ ئی.تۆمپسۆن ئاماژەی کرد کە وێنەکاری لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاو×ڕاوچی لە گۆڤارەکەدا زۆرجار "خێرایە" و پاشبنەمای نییە، بەڵام توگاشی دەگەڕێتەوە و چاکی دەکاتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی کۆکراوەی تانکۆبۆن.ئەو هەروەها نووسی کە توگاشی حەزی لە خوێناوییە و تێبینی کرد کە هەندێک پانێل لە ڕاو×ڕاوچی لەڕووی خوێناوییەوە ڕەقابە کراون، بە هێڵی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراون.

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، توگاشی چەندین وەستانی کاری درێژخایەنی هەبووە لە کاتی زنجیرەکردنی ڕاو×ڕاوچی. هەندێکیان بەهۆی نەخۆشی و ئازاری خوارەوەی پشت بوون،لە کاتێکدا هۆکاری هەندێکی تریان هەرگیز ئاشکرا نەکراون.لە ساڵی ٢٠١٢دا، تۆمپسۆن مەزندەی کرد کە بەرهەمی کەمی توگاشی "لەبەر ئەوەیە ئەو کەمالیستێکە کە چێژ لە کارەکەی دەبینێت و دەیەوێت شتەکان بە خۆی بکات"، و ئاماژەی کرد کە دەکرێت داوا لە یاریدەدەرەکانی بکرێت زیاتر کاری لەگەڵ بکەن.لە کتێبەکەی سەنسێی هاکوشۆ لە ساڵی ٢٠١٧دا، کە گێڕانەوەی کارکردنیەتی وەک یاریدەدەری توگاشی لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تا ساڵی ١٩٩٧، کونیۆ ئاجینۆ ڕایگەیاند کە توگاشی بە شێوەیەکی نائاسایی بەخشندە بوو بۆ کارمەندەکانی.لە تەمووزی ٢٠٢٢دا، توگاشی ئاشکرای کرد کە ناتوانێت بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر کورسی دابنیشێت بەهۆی کێشەکانی پشت و ورگی، بەڵام توانیویەتی دەست بکاتەوە بە وێنەکێشان بە پاڵکەوتن.

هونەرمەندانی مانگا نۆبوهیرۆ واتسوکی و پینک هاناموری توگاشی و یو یو هاکوشۆیان وەک کاریگەری ناو بردووە. ئەو یەکێکە لە هونەرمەندە دڵخوازەکانی نووسەری نارۆتۆ، ماساشی کیشیمۆتۆ.نووسەری جوجوتسو کایسێن، گێگێ ئاکوتامی، توگاشی وەک کاریگەرییەک ناوبردووە و لە یو یو هاکوشۆ و ڕاو×ڕاوچیەوە ئیلهامی وەرگرتووە.

ئاماژەکان
بەستەری دەرەکی